How to use the booklets?

بۆ دایک و باوک/ بەخێوکاران

کچەکەم/کوڕەکەم هەست بە باشى ناکەن وبارودۆخیان باش نیە، دەتوانم ئەوە ببینم. لە ڕاستیدا منیش بارودۆخم باش نیە، لە ڕابردوودا کاتێکی زۆر سەختم بەسەر بردووە. ژیانى ئێمە لە ڕابردوودا زۆر سەخت دژوار بوو. زۆرکەس ئەزموون ئەوەیان کردوە کە گێڕانەوەى ڕووداوە ناخۆشەکانى ڕابردوو بۆ ئەوکەسانەى متمانەیان پێیانە یارمەتى دەربووە تا هەستێکى باشتریان هەبێت. گرنگە منداڵان لە هەر تەمەنێکدا بزانن کە دایک و باوکیان ڕێگە بە خۆیان دەدەن یارمەتیان بدەن، بۆ ئەوەی دووبارە هەست بە باشتر بوون بکەن

. حەز دەکەم یارمەتی کوڕەکەم/کچەکەم بدەم،

زۆر شتم تاقیکردۆتەوە، بەڵام پێدەچێت هیچ شتێک سەرکەوتوو نەبێت. کاتێکی زۆری دەوێت بۆ پرۆسێسکردنی(چارەسەرکردنى) ئەزموونە ئازاربەخشەکان و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی ژیانی ئاسایى ڕۆژانە. ئەمەش پێویستی بە کات و ئارامى و پشوودرێژى هەیە لەلایەن هەموو ئەوانەى لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەژین کە ئازارو زیانیان بەرکەوتووە. لە سەرووی هەمووشیانەوە گەنجان پێویستیان بە هاوڕێی هاوتەمەن هەیە کە بتوانن لەگەڵیان قسە بکەن و پێکەوە کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. هەروەها یارى کردن و وەرزش کردن بە گروپ و گەشت و گەڕانى هاوبەش دەتوانن یارمەتیدەر بن لە گێڕانەوەى هەست کردن بە ئارامى ودروستبوونى هەستێکى باشتر.

کچەکەم/کوڕەکەم زۆر گۆڕاوە

دوای ئەزمون کردنى ڕووداوى ناخۆش و زۆر سەخت، جەستە کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بەو فشارانەى کە لەڕابردوودا ڕوویان داوە. هەندێک کەس ناتوانن بە باشی بخەون، هەندێکی تر گرفتى تەرکیز وئاگایی و یادەوەریان بۆ دروست دەبێت.هەندێک جار هەستی بەهێزی وەک توڕەیی و ترس دەردەکەون، هەندێک کەس زۆر باسی ئەو شتانە دەکەن کە ئەزموونیان کردووە، هەندێکی تر ناتوانن بە باشى رووداوەکانیان بە بیر بێتەوە. زۆرێکیان بەدەست ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنن. هەموو ئەم کاردانەوانە بە تەواوی ئاسایین، چونکە لە ژێر کاریگەرى زۆرى ڕووداوە ناخۆشەکاندا دروست بوون. نامیلکەکانمان باسی ئەم بابەتانە دەکەن و بیرۆکەت پێدەدەن کە چۆن دەتوانیت یارمەتی خۆت بدەیت.

کوڕەکەم /کچەکەم ، هێز و وزەی کەمی هەیە هەست بە لاوازى دەکات، وە پەیوەندیى و حەزو خولیاکانى کەم ولاوازن.

ڕەنگە کچەکەت/کوڕەکەت دوای هەموو ئەو شتانەی کە بەسەریاندا هاتووە زۆر دڵتەنگ بن و هیوایەکی کەمیان هەبێت. کاتێک شتێکی گرنگ (وەک ماڵ، کەسێکی ئازیز، خوو، یان شتێکی ترى ژیانت ) بەتەواوەتى لەدەست دەدەین، هەموومان هەست بە دڵتەنگییەکی زۆر دەکەین. هەموو کولتوورێک و هەموو ئایینێک ڕێوڕەسم و ڕێسای هەیە کە یارمەتیدەرمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەدەستدان. هەروەها دەتوانرێت ڕێوڕەسمەکانی ماتەمینی دووبارە بکرێتەوە. دەتوانیت ڕێوڕەسمەکان بگۆڕیت یان دابهێنیتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخێکی نوێدا بگونجێت.

چی دەتوانێت یارمەتی کچەکەم/کوڕەکەم بدات؟

هەموومان پێویستمان بە هەستکردن بە سەلامەتی و ئارامى هەیە، کاتێک پێکەوە دەژین، دەتوانیت پشتگیرییەکی زۆرى کچەکەت/کوڕەکەت بکەیت. لێرەدا چەند پێشنیارێک دەخەینەڕوو:

زانیاری و ڕوونکردنەوە یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەیشتن.

کاتێک مرۆڤەکان فشارێکى زۆریان هەبووە یان تائێستا لەژێر فشاری زۆردایە، دەکرێت پێویست بێت کە زانیاری و ڕوونکردنەوەکان دووبارە و سێبارە بکرێتەوە. گرنگترینیان ئەوەیە کە قبوڵی بکەیت کە کوڕەکەت/کچەکەت پێویستی بە کات و پشوو درێژى هەیە. نامیلکەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی دوای کاتێکی ترسناک، ئاسان نییە بگەڕێینەوە بۆ ئەو شێوازەی جاران، هەروەها نامیلکەکان ئەو بیرۆکانەى لە خۆ گرتوە کە چۆن بتوانین یارمەتى خۆمان بدەین.

کاتی ڕوون و ڕێکوپێک، ئاراستەیەکی باش دابین دەکات.

هەندێک لە گەنجان تا ئەندازەیەکى زۆر باشن لە ڕێکخستنی کاتەکانی خۆیان، بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە پشتیوانییەکی زۆرە ، بۆ نموونە دەتوانیت یارمەتیدەر بیت بۆ ئەوەى کاتەکانی خوێندن و خەوتن پێکەوە دابنێن و رێکیان بخەن.

• سەرباى هەموو ئەم خاڵانە، ئەو کەسانەی لە ڕێگەی کەسانی ترەوە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە (چاک کردن و باشکردنەوەى پەیوەندیەکانە) بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی لە پەیوەندیەکانیاندا متمانە بەدەست بهێننەوە. بۆنمونە فەراهەمکردنى کات بۆ قسەکردن و گوێگرتن لە یەکتر و خواردن و یاریکردن پێکەوە، نوکتە و گاڵتەو گەپ. دوورکەوتنەوە لە ڕەفتارى سزادان، ئەو ڕێگاو شێوازانە بن کە دەکرێت زۆریارمەتى دەربێت لە پڕۆسەى چارەسەرکردندا، چونکە هەموو ڕەفتارێک ڕوونکردنەوەیەکی هەیە. لەوانەیە لە یەکێک لە نامیلکەکاندا هەندێک بیرۆکە بدۆزیتەوە.

بۆ مامۆستایان/سەرپەرشتیاران چۆن بتوانم نامیلکەکان بەکاربهێنم؟

زۆرێک لە گەنجان و تازە پێگەیشتوان پێیان باشە نامیلکەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بخوێننەوە.واتا تەنها خۆیان بن.

بەڵام ئەو گەنجانەی کە بە خوێندنەوە ڕانەهاتون دەتوانن سوودمەند بن لە خوێندنەوەی چیرۆکەکان پێکەوە. واتا لەگروپ پێکەوە سەیرى وێنەکان بکەن، هەروەها قسە بکەن لەسەر وردەکارییەکانی ناو وێنەکانى چیرۆکەکە.

گرنگ: پرسیار لە خوێندکارەکانت مەکە دەربارەی وردەکارییەکانى ڕوو داوەکان و ناچاریان مەکە شتێک بڵێن کەفشاریان بۆ دروست بکات.

ئەوانەی ئازار دەچێژن دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت کۆنترۆڵی تەواویان هەبێت ، خاوەن بڕیاربن لەسەر ئەو شتانەی کە دەیانەوێت هاوبەشی بکەن و باسى بکەن، ئەوشتانەى کە نایانەوەێت باسى بکەن و دەیانەوێت بۆ خۆیانى بهێڵنەوە.

ڕەنگە یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ تێگەیشتن و گرنگى دان بە چیرۆکى ژیان و ئازارەکانیان بریتى بێت لە گوێگرتن .

ڕێبازی داهێنەرانە

هەندێک کەس چێژ لە ڕەنگکردنی وێنەکان وەردەگرن. هەندێک کەس دەیانەوێت ڕۆڵ لە دیمەنێکى شانۆگەرییەکی بچووکدا ببینن، یاخود لە سەمایەک، گۆرانییەکدا بەشدارببن... بەشداریکردنی داهێنەرانە لەگەڵ دەقەکان/وێنەکاندا دەبێت خۆبەخشانە بێت دووربێت لە هەرفشارو داواکارییەکى زۆر.

لەوانەیە ئەم کاردانەوانەی خوارەوە تێبینى بکەیت.

کاردانەوە باوەکانی :- زۆرێک لە گەنجان دوای خوێندنەوە زۆر بێدەنگ و دوورەپەرێزن. ئەمە نیشانەیەکی باشە کە جۆرێک لە جوڵەو سەرەتاى چارەسەرى لە ناوەوە ڕوودەدات. دوای خوێندنەوە کات بدە بە گەنجان تا خودى خۆیان بن.

دوای خوێندنەوە، هەندێک لە گەنجان حەز دەکەن کەمێک باسی ئەزموونەکانی خۆیان بکەن. کاتى پێویستیان پێبدە بۆ گێڕانەوەى چیرۆکەکانیان.

لەوانەیە ئەمانەى خوارەوە لە خۆتدا هەست پێبکەیت و ڕەچاو بکەیت .

گوێگرتن واتە سەرقاڵبوون و گرنگى پێدان، لەوانەیە تەواو شۆک ئامێز و چاوەڕوان نەکراوبێت کاتێک تێبینى ئەو کەسانە دەکەیت کە توشى زەبرى دەرونى بوون. ئەوەی بۆ گوێگر گرنگە، ئامادەیی بەرگەگرتنی ئەو شتانەیە کە دەگوترێت و کەسەکە باسى دەکات. بەو پێیەی زۆرجار باسی نادادپەروەرییەکی گەورە ، ئازار یان مردن دەکات، زۆر هەست و سۆز تێیدا بەشدارن. کەواتە دەکرێت ڕووبدات گوێگر فرمێسک بڕێژێت. پاشان پێویستە بە زارەکی بگوترێ کە ئەمانە فرمێسکی هاوسۆزین (نیشانەی لاوازی نین).

بەم شێوەیە گفتوگۆکان دەتوانن سەرکەوتوو بن.

کاتێک متمانە دروست بووە، ئیدى پێویستی قسەکردن لەسەر ئەزموونە زەبرئامێزەکان و دانپێدانان بەو شتانەی کە لە ڕابردودا ڕوویانداوە، ڕوو لە گەشەکردن دەکات.

بۆ ئەوەی هەردوو هاوبەشی گفتوگۆکە بپارێزرێت و هەست بە سەلامەتى بکەن، پێویستە ڕوونترین چوارچێوەی گونجاو و لە بار بۆ گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە دروست بکرێت: کاتى دانیشتنەکە دیارى بکرێت. و هەروەها لە شوێن و ژوورێکى شیاودا کە هەردووکیان هەست بە ئاسوودەیی بکەن.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا چەند خولەکێکی دەوێت تا دەگەڕێیتەوە بۆ "ئێرە و ئێستا" (بۆ نموونە پەنجەرەیەک بکەرەوە، قۆڵ و قاچەکان بجوڵێنە و بلەرزێنە، کوپێک چا پێکەوە بخۆنەوە، هەروەها دەتوانن باسی پلان و چالاکیەکانى دواترتان بکەن).